"تا بەیانی حزورمان هەبوو"

لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا بەرگری شارستانی سۆران لە ئامادەباشیدا بوو

شۆڕش قادری

لەکاتی خۆپیشاندانەکەی دوێنێ شەوی وەرتێ، تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران لە ئامادەباشیدا بوون و تا بەرەبەیان لەو شوێنە ماونەتەوە.

کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، دوێنێ شەو چوار تیم لە بنکەکانی سیمیلان، سۆران، خانەقا و تیمی بەڕێوەبەرایەتی وەک فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری بەرگری شارستانی لە بنکەی خانەقای سنوری ناحیەی وەرتێ ئامادەبوون، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی ماڵ و سامانی خەڵکی و رێگریگرتن لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە.

“خۆیشم کە شوێنەکە حزورم هەبوو و تا بەرەبەیان ماینەوە”، کاروان میراودەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ جۆرە رووداوێکی نەخوازراو و پەیوەندیدار بە بەرگری شارستانی رووی نەداوە و بەیانی ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان.

شەوی رابردوو دانیشتوانى ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دژی کەمی کارەبا خۆپیشاندانیان کرد، دواتر خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گولـلە، گیانى بەخشى.