گردبوونەوەی دانیشتوانی گوندەکانی رۆژهەڵاتی تەقتەق - وێنە: قایمقامیەتی تەقتەق
بۆ چارەسەری گرفتەکانیان
گوندەکانی رۆژهەڵاتی تەقتەق لیژنەی هاوبەش دروست دەکەن
ئەحمەد مستەفا
قایمقامی تەقتەق و خۆپیشاندەرانی گوندەکانی رۆژهەڵاتی تەقتەق، رێککەوتن بۆ چارەسەری گرفتی “کەمی کارەبا و خراپی رێگەکەیان” لەنێوان خۆیان و فەرمانگەکان لیژنەی هاوبەش دروست بکەن.
چەند رۆژێک، گوندەکانی رۆژهەڵاتی تەقتەق و هاوڵاتییانی گوندی سەرکەڵەک گردبوونەتەوە و خێمەیان هەڵداوە.
قایمقامیەتی تەقتەق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، قایمقام ئاسۆ مستەفا لەگەڵیان کۆبووەتەوە، وە وتویەتی، بۆ گرفتی کارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکۆیە و هەولێر لەپەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک، تا چیتر گوندنشینانی سنورەکە بەهۆی بێ کارەباییەوە زیانیان بەرنەکەوێت و زەرەرمەندنەبن.
دەربارەی خراپبوونی رێگاکە لە چەند شوێنێکدا، بەڕێوبەرایەتی چاکردنەوەی ڕێگاو بانی کۆیە ئاگادارکراوەتەوە، بۆ نوێکردنەوە و چاکردنەوەی، لەهەمان کاتدا فەرمانی چاکردنەوەی رێگاکە هەیە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە لەلایەن حکومەت دەست بەجێبەجێکردنی ناکات.
قایمقامیەت دەڵێ، قایمام لەگەڵ نوێنەر و ئەنجومەن و کەسایەتییەکانی سنورەکە رێککەوتوون، لە نوێنەری ئەوان و فەرمانگەکان لیژنەیەک دروست دەکەن و سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، لەبەڕێوبەرایەتی گشتی و وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.