تەمەنى 9 ساڵە
لە گوندێکى پشدەر؛ منداڵێک لە حەوزێکى ئاودا خنکا
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
لە گوندى قڕناقەى سنوورى پشدەر، منداڵێکى تەمەن 9 ساڵان لە حەوزێکى ئاوى کشتوکاڵیدا خنکا.
رووداوەکە، بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە لە گوندى قڕناقەى سەربە ناحیەى سەنگەسەر، روویداوە.
ئەرسەلان رەسوڵ، کەسوکاری منداڵەکە بە 964ـی وت” کوڕەکەیان بۆ ئاوخواردنەوە چووەتە سەر حەوزێکى کشتوکاڵى کە بە نایلۆن دروستکراوە، بەڵام لەوکاتەدا خلیسکاوەتە ناو حەوزەکە”.
وەک باسى دەکات، منداڵێکى تریشى لەگەڵ بووە، بەڵام نەیتوانیوە دەریبهێنێتەوە و بەپەلە بانگى مامى منداڵەکەى کردووە و هێناویانەتە دەرەوە و یەکسەر رەوانەى نەخۆشخانەى سەنگەسەریان کردووە، بەڵام نەتوانراوە رزگار بکرێت و گیانى لەدەستداوە.
لاى خۆیەوە، راستى خدر، بەرپرسى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”منداڵەکە گەیەنراوەتە بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەکەمان، بەڵام وادیارە پێش گەیشتنى بە فریاکەوتن گیانى سپاردبوو”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح