ئەوەندە زۆرە بەشێکى بەربەستى پڕۆژەى ئاوى خاسى بردووە
ئێران ئاوى زێى بچوکى بەردایەوە
وریا فەتاح
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێران ئاوى زێى بچوکى بەردایەوە، رێژەى ئاوەکە زۆرە بەشێکى بەربەستى پڕۆژەى ئاوى خاسى بردووە.
مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى ئاوى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، ئێران ئاوى زێى بچوکى بەردایەوە، بەڵام ئەمجارە زۆرە و بەهۆیەوە بەشێکى بەربەستى پڕۆژەى ئاوى خاسى بردووە”.
پڕۆژەى ئاوى خاس کە بەشى زۆرى ئاوى ماڵانى قەڵادزێ دابین دەکات، بەربەستێکى کاتى لە رێگەى بەرگرتنى ئاوى زێى بچوکى بە چەو و لم بۆ دروستکراوە.
بەوتەى مارف مەحمود، یەکەمجارە بەو رێژە زۆریە ئێران ئاوى زێى بچوک بەربداتەوە کە بووەتە هۆى پاککردنەوەى رووبارەکە.
“دڵمان پێى خۆشە و کێشەمان نییە کە بەربەستەکەى بردووە، خودابکات ئاوەکە بەو ئەندازەیە زۆر دەبێت ئێمە کێشەمان نییە، تەنانەت لێڵبوونەکەش چارەسەر دەکەین”، مارف مەحمود واى وت.
جەختیشى کردەوە، گرفت بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروست نابێت.
وەک باسى دەکات، ئێران لە کاتى بەردانەوەى ئاوەکەدا هیچ هەماهەنگى و ئاگادارییەکى نییە، یان لە رێگەى گوندنشینانى سەرەوەى رووبارەکە دەزانن کە ئاوەکە بەردەدرێتەوە یان لە کاتى گەیشتنى ئاوەکە بۆ نزیک بەربەستەکە لە رێگاى کامێراو ئامێرى پێوانەکردنى ئاوەوە دەزانن.