ناحیەی رزگاری.وێنە.سۆشیال میدیا
پارەکەیان بە قەرز پێدەدرێت
لەبری موچە پارە بۆ میراوەکانی ناحیەی رزگاری کۆکراوەتەوە و ئەوانیش وەری ناگرن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ناحیەی رزگاری، لەڕێگەی چەند کەسێکەوە پارەی بۆ ئیشپێکەری بیرەکان”میراو” کۆکردووەتەوە، ئەوانیش وتویانە، قەرزە و وەری ناگرین.
ئیشپێکەری بیرە ئاوەکانی ناحیەی رزگاری ژمارەیان نزیکەی 100 کەس دەبێت.
زەواڵ رۆستەم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ناحیەی رزگاری بە 964ـی وت، “بەھۆی پێنەدانی موچە و خراپی دۆخی میراوەکانمان، تەکلیفمان لەچەند کەسێک کرد و بڕێک پارەمان کۆکردەوە، بۆئەوەی دابەشی بکەین بەسەریاندا”.
“ئێمە ئەو پارەیەمان بە قەرز وەرگرتووە، گروپی تایبەت بە میراوەکانمان ھەیە و پێمان وتون ھەرکەسێک پێویستی پێی بێت دەتوانێت بڕی 100 ھەزار دینار وەربگرێت تا ئەوکاتەی موچەکەی دێت” زەواڵ رۆستەم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان دەڵێن مادام قەرزە و دواتر لە موچەکانمان دەبڕێتەوە نامانەوێت، تا ئێستا کەس پەیوەندی پێیانەوە نەکردوە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە.
زەواڵ رۆستەم وتیشی، ئێمەش حەزمان دەکرد وەک ھاوکاری و بەبێ قەرز ئەو پارەیەمان پێیان بدایەت، بەڵام بەقەرز وەرمانگرتووە و داوامان لەخەڵک کردوە، بۆئەوەی ھیچ نەبێت تا ئەوکاتە موچە دێت ئەمانیش شتێک پارەیان پێبێت بۆ مەسروفاتی ماڵەوەیان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی