ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر گەیشتە گەڕەکەکان - وێنە؛ پارێزگای هەولێر
بۆرییەکان تێست کران
ئاوی پڕۆژە فریاگوزارییەکە گەیشتە گەڕەکەکانی هەولێر
شۆڕش قادری
خاوێنکردنەوە و تێستکردنی تۆڕی ئاوی گەڕەکەکان و بەستنەوەیان بە هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر دەستیپێکرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 11.7.2025 لەلایەن تیمەکانەوە دەستکراوە بە تاقیکردنەوەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر و شۆردنی بۆرییەکان، دوای دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ کێشەیەک، ئاو دەگاتە ماڵان.
کارەکانی هێڵێکی پڕۆژەکە تەواو بووە و ئەمڕۆ تاقیکرایەوە و ئاوی تێکرا و بۆرییەکانی خاوێن کرانەوە، وەک سەرەتایەکیش ئاوەکە فڕێ درایە دەرەوە بۆ ئەوەی نەگاتە ماڵان.
هەربەپێی راگەیەنراوەکە، دوای ئەو تاقیکردنەوەیە، لەم چەند رۆژدا ئاوی خاوێنی پڕۆژەکە دەگاتە ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی رەشکین تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەى شەقامى خێراى 120 مەترى، بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی ( چوار، پێنج و شەش ) ئاویان پێدەگات.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە، کە توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.