غاز .. سوودانی و بلینکنی کۆکردەوە

+964

بەغدا

گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لە دۆلارەوە بە ئاراستەی پرسی غازی شل و تیرۆر دەڕوات.

لەکاتێکدا پرسی دۆلار بەرپرسانی عێراقی گەیاندە واشنتن، بەڵام هاوشانی ئەمە بابەتی پێداچوونەوە بە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا عێراق بوو بە بەشێک لە پاکێجی گفتوگۆکان، لەگەڵیشیدا پرسی غازی شل.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی شەممە 18.2.2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  تاوتوێی چەند پرسی غازی شل و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان کرد.

پەرەپێدانی غازی شل لەچوارچێوەی پەرەپێدانی سێکتەری وزە و وەبەرهێنان کردن لێی و چاکسازیکردن لەو سێکتەرە لەئێستادا یەکێکە لەتەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وتووە کە ئەولەویەتی کابینەکەی چاکسازییە لەسێکتەری ئابووری بەجۆرێک بتوانێت رووبەرووی ئاستەنگی ئابووری و پێداویستییەکانی گەشەپێدان ببێتەوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراقی دووپاتکردەوە لەچاکسازی لەبوارە جیاوازەکاندا.