دووەم رووداوی ئەمڕۆی مردنی كرێكاران

کرێکارێک لە سلێمانی کارەبا گرتی و گیانی سپارد

دیلان محەمەد جەزا

ئەمڕۆ لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی شاری سلێمانی کرێکارێک لەکاتی چاككردنی پلاکێک، كارەبا گرتی و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بە 964 وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یەکێک لە چێشتخانەكانی سلێمانی کرێکارێک بەبێ دەستکێش پلاکێکی کارەبای چاکكردوە و لەو کاتەدا کارەبا گرتویەتی و گیانی لەدەستداوە.

باسی لەوەش کرد، کرێکارەکە بە نەتەوە عەرەبە و خەڵکی بەعقوبەیە و لە دایکبووی ساڵی 1995ـە، تەرمەکەی رەوانەی پزیکشی دادی سلێمانی کراوە.

ئەمڕۆ دووەم حاڵەتی مردنی كرێكارانە لە سلێمانی تۆمار دەكرێت، دوای ئەوەی لە رووداوی كەوتنی دیوارێكدا كرێكارێك گیانی لەدەست دا و چواری دیكەش بریندار بوون.

بەپێی ئاماری لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی، تەنیا لە سلێمانی لەم ساڵدا 18 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا