بەهۆی گرفتەوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەستبەکار نەبووە

+964
فەهمی نەبی

دوای ئەوەی مانگێک لەمەوبەر هەواڵی دانانی سیستمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامێکی هەولێر بڵاوکرایەوە، دوای بەدواداچوونی تۆڕی964 دەرکەوت هێشتا ئەو کامێرایانە نەکەوتوونەتە کار.

رۆژی 18.1.2023 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، هەواڵی دانانی سیستمی کامێرای Point to Point، “خاڵ بۆ خاڵ” -ی شەقامی کەرکوک بۆ شەقامی بنەسڵاوەی لە شەقامی گشتی 120 بڵاوکردەوە.

بە وتەی فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بەهۆی هەبوونی چەند گرفتێک لە کامێراکان، هێشتا سیستمەکە نەکەوتوەتەکار، ناشزانرێ وادەی کەوتنەکاریان کەی دەبێت.

لە بارەی روودانی ژمارەی رووداوی هاتوچۆ لە نێوان دانانی خاڵی سەرەتا و کۆتایی ئەم سیستمە لەماوەی مانگێکدا، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەیەکی دیاریکراو بدات وتی، “حەتمەن روویداوە”.

پێشتر موحسین تەحسین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران بە تۆڕی 964ـی راگەیاندبوو، کامێراکان وا بەرنامە کراون هەریەکە لە نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا تۆمار بکات.

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، سیستمێکی نوێی تۆمارکردنی تیژڕەوییە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە بەرنامە لە هەموو شەقامی شارەکان بیچەسپێنێ، ئەو سیستمە بەشێوەیەکی ورد سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێڵ تۆمار دەکات.