دەزگای ئاسایشی هەرێم:

“بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکەی خانەقین دوو کەسمان دەستگیر کرد”

شۆڕش قادری

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی رایگەیاند، دوو کەسیان لە بازگەی دەربەندیخان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی هاوڵاتییەک لە خانەقین.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 21.6.2025 بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی شەڕ لەنێوان سێ هاوڵاتی لە قەزای خانەقین روویداوە، کەسێک بەچەقۆ لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە کوژراوە، دواتر دەستبەجێ شوێنی رووداوەکەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون”.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیویانە لە بازگەی دەربەندیخان هەردوو تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیر بکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران بەمادەی (406) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.