کوڕێک لە باشورى سودان، لەسەر کیسى خۆراکى بەرنامى خۆراکى جیهانى خەوتووە وێنە :AFP
تا 2030
“بڕیارێکى ترەمپ 14 ملیۆن برسى دەکوژێت”
964+
وریا فەتاح
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری بەناوبانگی پزیشکی “لانست” بڵاوکراوەتەوە، هۆشداری دەدات لەوەی کە بڕینی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، دەکرێت تا ساڵی 2030 ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی 14 ملیۆن کەس لە هەژارترین وڵاتانی جیهاندا.
زیاتر لە یەک لەسەر سێی قوربانییەکان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ دەبن.
ئەم پێشبینییە گۆڤارەکە دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ترەمپ بودجەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، کە پێشتر 40%ـی کۆی بودجەی مرۆیی جیهانی دابین دەکرد.
توێژەرانى پەیمانگاى بەرسەلۆنە بۆ تەندروستى جیهانى بڕینى بودجەى USAID، ئەم کاریگەریانەى دەبێت:
بە رێژەی 83% دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن کەسی دیکە تا ساڵی 2030.
لەو ژمارەیە، 4.5 ملیۆن کەسیان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵن (واتە ساڵانە 700 هەزار منداڵ).
لەنێوان ساڵانی 2001 بۆ 2021، هاوکارییەکانی USAID رێگرییان لە 91 ملیۆن حاڵەتی مردن کردووە.
هاوکارییەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی 65%ـی مردن بە ئایدز و 50%ـی مردن بە مەلاریا و نەخۆشییە گەرمییەکان.
بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنساش چاو لە ئەمریکا دەکەن
وەک ئەوەى توێژەران باسى دەکەن، بەدوای ئەمریکادا، وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنساش پلانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییە دەرەکییەکانیان راگەیاندووە.
داڤید راسێلا، یەکێک لە توێژەران، دەڵێت:ئێستا کاتی زیادکردنی هاوکارییە، نەک کەمکردنەوەی.
بەپێی توێژینەوەکە، هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی رۆژانە نزیکەی 17 سەنت و ساڵانە 64 دۆلاری بۆ USAID تەرخان دەکرد، کە بەشدارییەکی بچووکە بۆ رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس.