سووتاندنى ئۆتۆمبێلێک لە سنوورى زاخۆ
لە زاخۆ
لە باتی قەزا و قەدەر “سیناریۆ” بوو؛ بۆ راکێشانى سۆزى خەڵک ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاند
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
هێزەکانی ئاسایشی زاخۆ پەردەیان لەسەر جۆرە فێڵێکی نوێ لادا، کە تێیدا چەند گەنجێک بە ئەنقەست ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان لەسەر رێگا گشتییەکان دەسووتاند، تەنیا بە مەبەستی راکێشانی سۆزی خەڵک و کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، دوو گەنج لە شوێن و کاتی جیاوازدا، شەقامە قەرەباڵغەکانی زاخۆیان کردووەتە “شانۆی تاوان”، ئەوان بە پلانێکی داڕێژراو ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکانیان بەرداوە و وەک “قوربانی” خۆیان نیشانی خەڵک داوە.
بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بە پەرۆشەوە هاوکارییان کردوون، ئەو گەنجانە توانیویانە بڕە پارەیەک کۆبکەنەوە کە لە نرخی راستەقینەی ئۆتۆمبێلە سووتاوەکانیان زیاتر بووە.
دواى ئەوەى ئاسایشى زاخۆ گومانى لادروستبوو لەسەر دووبارەبوونەوەى ئەو رووداوانە، لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە وردبینی بۆ رووداوەکان کرد. دەرکەوت سووتانەکان نە کێشەی تەکنیکی بوون و نە قەزا و قەدەر، بەڵکو سیناریۆیەک بووە بۆ فێڵکردن لە هاووڵاتیان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ی راگەیاند:دۆسیەی دوو لەو رووداوانە ئێستا لە دادگای زاخۆن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
ئاشکراشى کرد، رووداوێکی تری هاوشێوە لە قەزای باتیفا گومانی لێدەکرێت و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.
تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردووی مانگی ڕەمەزاندا، 5 رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ تۆمارکراون، کە بەشێکیان “دەستکرد” بوون.
ئەم جۆرە فێڵە نوێیە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناوچەکە لە مانگی رەمەزاندا زیاتر دەستی خێر و هاوکارییان بۆ لێقەوماوان کراوەیە، بەڵام ئەمجارە سۆزەکەیان بۆ “سیناریۆیەکی داڕێژراو” بەکارهێنراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح