بارەگاکان لێیاندرا
شەوی درۆنەکان؛ هەولێر ئارام بوو و شارەکانی دیکە کرانە ئامانج
964+
وریا فەتاح
لە کاتێکدا لە چەند شەوی رابردوودا پایتەختی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بوو، ئەمشەو کە شەوى درۆنەکان بوو، هەولێر بێدەنگ بوو، بەڵام چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەوە.
لە هەڵەبجەوە بۆ چەمانکێ
سەرەتای هێرشەکان لە کاتی بەربانگدا دەستی پێکرد و تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو، کە بەم شێوەیە دابەش بوبوون:
هەڵەبجە: لە یەکەمین چرکەساتی بەربانگدا، درۆنێک بورجەکانی پەیوەندیی (بەفری میری) کردە ئامانج.
کۆیە: کاتژمێر 7:00ی ئێوارە، کەمپی ئازادی لە رێگەی درۆنێکەوە بۆردومان کرا.
ناحیەی رزگاری: کاتژمێر 7:30، تەقینەوەیەکی گەورە بارەگای (سازمانی خەبات)ی هەژاند.
وەرتێ: دوای کاتژمێر 8:00، درۆنێک لە نێوان گوندەکانی (دەرگەڵە و رەژوکەریان) کەوتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.
سۆران و سورداش: لە نێوان کاتژمێر 10 بۆ 11، ماڵێک لە سۆران و کەمپی سورداش (شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) بە سێ درۆن کرانە ئامانج.
چەمانکێ: کێڵگەی نەوتی کانیکا لە سنووری ناحیەی چەمانکێ بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر.
سەرباری ئەوەی ئەمشەو ناو سەنتەری شاری هەولێر هیچ دەنگێکی تەقینەوەی تێدا نەبیسترا، بەڵام ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەو گرووپە چەکدارانە کرد کە خۆیان بە “بەرەی مقاوەمە” دەناسێنن.
ئومێد خۆشناو داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد: “هەڵوێستێکی روون و راشکاوی هەبێت بەرامبەر ئەو 29 موشەک و درۆنەی لە 24 کاتژمێردا ئاراستەی پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون.”