"بەراورد بە ساڵی پار"
مردن بە رووداوەکانی ھاتوچۆ لە سنووری دەربەندیخان کەمی کردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ مردن بە رووداوەکانی ھاتوچۆ لە سنووری ھاتوچۆی دەربەندیخان کەمی کردووە، بە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024، بەڵام ژمارەی بریندار زیادیان کردووە.
جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ـی وت، بەپێی ئامارەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ژمارەی رووداوەکانی ھاتوچۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان یەکسانە بە ژمارەی رووداوەکانی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024، کە لەھەردوو ساڵەکە 42 رووداوی ھاتوچۆ بووە”.
“ئەوەی جێگای دڵخۆشیە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی رووداوەکانی ھاتوچۆ لە ئەمساڵ کەمی کردووە، بەجۆرێک لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو نۆ کەس گیانیان لەدەست دابوو، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ شەش کەس گیانیان لەدەستداوە”،جاسم محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام ژمارەی بریندارەکان لەکۆی رووداوەکان زیاتر بوون، لە سەرەتای ساڵی رابردوو 49 کەس بریندار بوون، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی بریندارەکان زیادی کردووە بۆ 54 کەس.
پێداچوونەوە: توانا نەقی