لەبەردەم سەرۆکى کۆمار
سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵى عێراق سوێندی یاسایی خوارد
964+
فههاد حهسهن
سهرۆكایهتى كۆمارى عێراق بڵاویكردهوه، كه ئهمڕۆ پێنجشهممه دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ لە کۆشکی بەغداد، لە بەردەم سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆک کۆمار وێرای پیرۆزبایی لە سهرۆكى نوێى دادگا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی دادگای باڵای فیدراڵ لە ئەرکە دەستوورییەکانیدا دووپات کردەوە.
ئاماژەی بە رۆڵی جەمسەریی دادگا کرد، لەپاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و مسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانی کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.
رۆژى 29.6.2025 ئەنجومەنی دادوەریی عێراق خانەنشینبوونی سەرۆكی دادگای فیدراڵی، جاسم محەمەد عەبودی بەهۆی باری تەندروستییەوە پەسەندکرد و خانەنشینی کرد و هەمان کات داواشی لە سەرۆکایەتی کۆمار کرد، جێگرەکەی دادوەر مونزر ئیبراهیم شایستەی پێبدرێ بە سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
دادوەر. مونزر ئیبراهیم حسێن لە ساڵی 1963 لە بەغدا لەدایکبووە و بڕوانامەی یاسایی لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی 1989 بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1998 پەیمانگای دادوەری تەواو کردووە، خولی 21. لە ساڵی 2018 وە لە دادگای فیدراڵیدا کاردەکات و لە ئێستادا وەک جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی و سەرۆکی دەستەی تاوانەکان و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەرکدایە.