قەڵادزێ؛ زەنگى کەمئاوى لێدەدرێت

ساتى بەردانەوەى ئاوى زێى بچوک لەلایەن ئێرانەوە

محەمەد عەلى- قەڵادزێ

هەرچەندە ناوەناوە ئێران ئاوى زێى بچوک بەردەداتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرى ئاوى قەڵادزێ لە 964ـەوە ئاشکراى دەکات لە ماوەکانى داهاتوودا، قەڵادزێ توشى گرفتى کەمئاوى دەبێت.

لەرێگاى کامێراى چاودێرى و ئامێرى پێوانەکردنى ئاو لە پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ، کارمەندان و بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە ئاگاداردەکرێنەوە لە بەردانەوەى ئاوى زێى بچوک لەلایەن ئێرانەوە، بە وتەى مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرى ئاوى قەڵادزێ کە بۆ 964 قسەى کردووە، لەگەڵ بەردانەوەى ئاوەکە، ئاوى پڕۆژەکە زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆى لێڵبوون و دەبێت تیمەکانى پاڵفتەکردن لە رێگاى تاقیگەوە لێڵى ئاوەکە کەم بکەنەوە.

ئەوکاتەى پەیامنێرى 964 لەلاى پڕۆژەکەبوو، ئێران ئاوى زێى بچوکى بەردایەوە و ئاوى پڕۆژەکە بەرز بووەوە، وەک ئەوەى مارف مەحمود باسى دەکات، ئەگەر ئاوەکە بەرنەدرایەتەوە، رەنگە لە رۆژانى داهاتوودا نەیانتوانیایە ئاو بنێرن و پەمپەکان تووشى هەواکردن دەبوون.

هەرچە ئێستا کێشەکە بەشێوەیەکى کاتى چارەسەرە، بەڵام بەڕێوەبەرى ئاوى قەڵادزێ لە 964ـەوە مەترسییەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: لە داهاتوودا کەمبوونەوەى ئاو کاریگەرى دەبێت و تووشى گرفتى کەمئاوى دەبین.

پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح