"زیاتر لە 30 هەزار گەنج بێکار دەبن"

خاون موەلیدەکانی ئەهلییەکانی سلێمانی گردبوونەوە

دیلان محەمەد – سلێمانی

خاون موەلیدەکانی ئەهلییەکانی سلێمانی لەبەردەم قایمقامیەتی شارەکە گردبوونەوە و داوا دەکەن، دوای دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بێکار نەبن و چارەیەکیان بۆ بدۆزرێتەوە.

یەکێک لە خاون موەلیدەکان بە 964ـی وت، “دژی هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نین کە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، تەنیا داوای مافی خۆمان دەکەین و ناکرێت بەرژەوەندی ئێمەش لەبەرچاو نەگیرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان، جگە لەوەی هەموو سەرمایە و دەستمایەکەیان لەدەستدەدەن، زیاتر لە 30 هەزار گەنجیش لە هەموو کوردستان بێ کار دەبن.

بەشداربووانی گردبوونەکە باسیان لەوەشکرد، حکومەت گرێبەستێکی نوێی بۆ داناون و بەپێی گرێبەستەکە بۆ هەر موەلیدەیەک بەپێ ئەمپێری کارەبا و شوێنەکەی، بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت، کە بە قسەی خۆیان، بەشی کرێی شوێنەکە و کارمەندەکانیان ناکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری