ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێم

بە سەدان كەس دەستگیر كراون و بە سەدان كەسی تریش چارەسەر كراون

964+

محەمەد فاتیح

لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە سەدان تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان دەستگیر کراون، بە سەدان ئالوودەبوش شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگە.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەڵێت، ” بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (388) تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە (173) کەس بەکارهێنەر و(143) کەس  بازرگانی ئاسایی بوون، (٧٢) کەسیش بازرگانی نێودەوڵەتی بوون و ژمارەی سزا دراو و راگیراوەکان بە تۆمەتی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان (4.636) كەسە”.

وتيشى، “شەش سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووان لە چاکسازییەکانى گەوران، ئافرەتان و منداڵان لە سلێمانی، دهۆک و هەولێر کراونەتەوە کە چارەسەری پزیشکی، راوێژکاری و خزمەتگوزاری پشتگیری بۆ گەڕانەوەی ئالوودەبووان بۆ ناو کۆمەڵگه لەم سەنتەرە دابینکراوە و تاکو ئێستا (765) کەس شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 30.6.2025 بە بۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی فریاکەوتنی میللی نەرویجی دیدارێکیان رێکخست بە ناوی (ئالوودە بوو نەخۆشە تۆمەتبار نییە)، كه نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراوUNODC ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئامادەى بوون.