لە سلێمانى
44 کتێبى رووپۆشکراو بە ماددەى هۆشبەر دەستى بەسەردا گیرا
964+
وریا فەتاح
دەزگاى ئاسایشى هەرێم، دەستیگرت بەسەر 44 کتێبى رووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، تۆمەتبارێکیش دەستگیرکراوە کە ویستویەتى ئەو پەرتوکانە لە پێنجوێنەوە داخلى سلێمانى بکات و دواتر بۆ بەریتانیا بیانگوێزێتەوە.
بەپێى راگەیەندراوێکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەمەبەستی پشکنینی زانستی لە تاقیگەی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی پشکنین بۆ کتێبەکان دەکات، لە ئەنجامەکانی پشکنینەکانی تاقیگە دەریخست کتێبەکان (مەلزەمە)کان، رووپۆشکراون بە ماددەی ( ئەمفیتامین ) کریستاڵ.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە چالاکییەکە لەسەر بنەماڵى هەواڵگرى پێشوەخت و دوای بەدواداچوونى ورد ئەنجامدراوە.
“بازرگانان ویستویانە بە تەکنیکێکی نوێ ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەی ترانزێت لە پێنجوێنەوە بهێننە سلێمانى و دواتر بیگوازنەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا، بەڵام بە لێهاتوویی هێزەکانی ئاسایش و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانر تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت و سەرجەم کتێبەکان دەستیان بەسەردابگیریت”، سەلام عەبدولخالق وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێم وا دەڵێت.
روونیشکراوەتەوە، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و بە ماددەی 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
رۆژى 17.7.2024، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا، ئامارى هەشت مانگ و نیوى رابردوو، 24ـى تشرینى یەکەمى 2023 تا 12ـى تەمووزى 2024ـى بڵاوکردەوە،
بەپێى ئەو راگەیەنراوە بێت، لەو ماوەیەدا دەیان کەس بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە بازرگانى ناوخۆیى و دەرەکى و نێودەوڵەتى تێدایە.
هەر لەو ماوەیەدا 952 کیلۆگرام مادەى هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە بەم شێوەیە:
5 کیلۆگرام جۆرى هێرۆین
89 کیلۆگرام جۆرى حەشیش
3 کیلۆگرام جۆرى ماریجوانا
28 کیلۆگرام جۆرى تلیاک
205 کیلۆگرام جۆرى کریستاڵ
51 کیلۆگرام جۆرى کریستاڵى تێکەڵ شلەمەنى
365 کیلۆگرام جۆرى حەبى هۆشبەر لە جۆرى کاپتاگۆن کە دوو ملیۆن و 200 هەزار دەنکە
206 کیلۆگرام جۆرى حەبى جۆرى کاپتاگۆن پێچراوە بە فوم کە ملیۆنێک و 200 هەزار دەنکە
28 هەزار و 944 شیت حەبى هۆشبەر لە جۆرى ترامادۆڵ