لە هەر بارودۆخێكدا بێت
چیتر ئەمریكا ناتوانێت هێرش بكات سەر عێراق
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆنگریسی ئەمریكا بە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رێگەپێدان بۆ هێرشكردنەسەر عێراقی هەڵوەشاندەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات، بەڵام هێشتا واژۆی سەرۆكی ئەمریكا ماوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.12.2025 لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا پێشوازییان لە بڕیارەكەی كۆنگریسی ئەمریكا كرد و بە “مێژوویی” وەسفیان كردووە، كە تێیدا كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەی لە ساڵانی 1991 و 2003 لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس دژ بە عێراق دەركراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، بڕیارە تازەكەی كۆنگرێس له چوارچێوه ی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانییە بۆ ساڵی 2026.
دەشڵێن: وەزارەتەکە بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی واژۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات لەسەر پڕۆژە یاساکە.
وەزارەتەكە ئاماژە بەوەش دەكات، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە هیچ كاریگەرییەكی بەسەر هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نابێت و بڕیاری بەكارهێنانی هێز دژی تیرۆر، كە لە دوای رووداوەكەی 11ی سێپتەمبەری 2001 دەرچووە، تا ئێستا كارایە و عێراقیش پێوەی پابەندە.
وەزارەتی دەرەوە دووپاتی پابەندیی عێراقیش دەكاتەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و دروستكردنی هاوبەشییەكی ماوەدرێژ، كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات و پاڵپشتی لە سەقامگیرییش بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە.
هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، كە هێشتا لە عێراقدا ئامادەییان هەیە، پێشتر لە 1991 بۆ دەركردنی سوپای عێراق لە كوێت و هەروەها لە 2003 بۆ رووخاندنی رژێمەكەی سەدام حوسێن، هێرشی فراوانی سەربازییان كردووەتە سەر عێراق.