رۆژی نزیکەی ٥٠٠ نانی تیری دەفرۆشن
کۆمەڵە کچێکی رانیە بژێویان لەسەر نانی تیریە
ڤیدیۆ
میدیازان – ژێوار خالید – رانیە
لەرانیە گروپی بچوک بچوکی کچان دروستبوون کە نان دروستدەکەن و دەیفرۆشن، لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
ئەم کچانە نانی تیری دروستدەکەن، بە قسەی ئەوان یەکێکە لە پەسەندترین جۆرەکانی نان لای هاوڵاتیان و خواستی زۆری لەسەرە.
خێڵان کەریم، سەرپەرشتیاری ئەم کچانەیە، بۆ میدیازانی باسکرد، نزیکەی چوار ساڵە ئەم کارە دەکەن، کارەکەشیان لەسەر داواکاری خەڵکە، رۆژانە چەند داواکاریی هەبێت، ئەوەندە نان دروستدەکەن.
کچەکان دەڵێن، کڕیارە سەرەکییەکانیان ماڵان و وەجبەکانی پێشمەرگەیە کە نان دەبەن بۆ سەنگەرەکانیان.
خێڵان وتی، “لە رۆژێکی ئاساییدا ئەگەر داواکاری زۆر نەبێت، ئەوا پێنج کابان کار دەکەین، بەڵام ئەگەر داواکاری زیاتر هەبێت و نان بۆ پێشمەرگە بکەین، ئەوا هەشت کابان دێینە سەر کار”.
ئەو کچانە لە رۆژێکدا ١٠ بۆ ١٥ جێ نان دەکەن، هەر جێ نانێک ٢٠ تاوەکو ٥٠ نان دەگرێت، کە بە نزیکەیی ٥٠٠ نان دەکات لە رۆژێکدا، هەروەها نرخەکانیان حەوت هەزار و ٥٠٠ دینارە بۆ ٢٥ نان.
هەویری نانی تیری پێکدێت لە ئاو، ئارد، خومرە و کەمێک خوێ کە بە یارمەتی تیرۆک شێوەی خڕ وەردەگرێت و دواتر دەدرێت بە ساجەکەدا بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ چرکە و نانەکە دەبرژێت.
لە کاتی خواردنی نانی تیریدا، پێویستە ئاو بپرژێندرێت بەسەریدا بۆ ئەوەی نەرمببێتەوە و ئامادە بێت بۆ خواردن.