سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى
"دەبێت خانەنشین بکرێت"
راپۆرتى پزیشکى سەلماندى: دادوەر جاسم عەبود بەکەڵکى خزمەتکردن نایەت
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە گومان لەسەر داواى خانەنشینبوونى سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى هەبوو، بەڵام راپۆرتى پزیشکى سەلماندى کە جاسم محەمەد عەبود، کێشەى زۆرى تەندروستى هەیە و کەڵکى خزمەتکردنى نەماوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لە لیژنەی پزیشکیی تایبەت بە کاروباری خانەنشینیی وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە لە 23ـى ئەم مانگە دەرچووە و ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کراوە، بڕیار دراوە بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی ئێستای دادگاکە، بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییەوە.
لە بەڵگەنامەکەدا کە واژۆی ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕی لەسەرە، هاتووە کە لیژنەی پزیشکی لەسەر داوای دادگای فیدراڵی کۆبووەتەوە و پشکنینی وردی بۆ دادوەر جاسم محەمەد عەبود کردووە. دەرەنجامی پشکنینەکان چەند کێشەیەکی تەندروستیی درێژخایەنیان دەرخستووە، لەوانە:
بەرزیی فشاری خوێنی درێژخایەن لەگەڵ نۆبەی دووبارەی ناڕێکیی لێدانی دڵ.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی چەورییە زیانبەخشەکان لە خوێندا.
نیشانەی داخورانی بڕبڕەکانی مل.
لە کۆتایی راپۆرتە پزیشکییەکەدا، لیژنەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دادوەر جاسم عەبود، شیاوی خزمەتکردن نییە و بۆ خانەنشینی ئاڕاستە دەکرێت.
