رێگاى دەرەوەى شار بەکارمەهێنن

هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی هۆشداری بەپەلە دەدەنە شوفێران

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی، پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، ئاگادارییەکی بەپەلەیان ئاراستەی سەرجەم شوفێران کرد.

بەپێی پێشبینییەکان، لە رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی (25 تا 27ـی ئازاری 2026)، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین، هەورەتریشقە و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە دەبێتە هۆی نالەباری کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی باران لە شەقام و ناوچە نزمەکاندا.

هاتووچۆی هەردوو پارێزگاکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، لەم ماوەیەدا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت رێگاکانی ناوەوە و دەرەوەی شار بەکارنەهێنن، بەتایبەت روو نەکەنە ناوچە شاخاوییەکان و سەیرانگاکان، بەهۆی ئەوەی لێخوڕین سەخت دەبێت و ئەگەری رووداوی نەخوازراو هەیە.

داواش دەکرێت شوفێران بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بکەن تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.