"حکومەت رێگرە"
ماوەی شەش ساڵە 110 دوکانی بازاڕی چوارقوڕنە بە داخراوی ماونەتەوە
+964
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
لە بازاڕی چوارقوڕنە 110 دوکان بە دیزاینێکی سەردەمیانە دروستکراون، بەڵام شەش ساڵە بە داخراوی ماونەتەوە و خاوەنی دوکانەکانیش دەڵێن، حکومەت رێگرە لە کردنەوەی بازاڕەکە.
بازاڕەکە لەلایەن دوو کەس دروستکراوە و دەڵێن، بە ئاگاداری شارەوانی ئەو کارەیان کردووە، بەڵام حکومەت رێگریان لێدەکات.
عەبدولا حەمەد، بەڵێندەری پڕۆژەی دروستکردنی بازاڕەکەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە 29.6.2025 بە 964ـی وت، “شەش ساڵ بەر لە ئێستا، بەئاگاداری شارەوانی، سەرجەم دوکانەکان بەدیزاینێکی سەردەمیانە دروستکراون، بەڵام تا ئێستاش بەداخراوی ماونەتەوە و حکومەت رێگریمان دەکات”.
لە ماوەی رابردوودا، بازاڕەکە پێنج جار نۆژەنکراوەتەوە، دوێنێش لە رووداوێکدا 50 دوکانیان سوتان و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
رزگار ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە دوکانەکان بە 964ـی وت، “شەش ساڵ دەبێت دوکانێکم لەو بازاڕە کڕیوە و نزیکەی 15 ملیۆن دینارم پێداوە، هەر وتیان بەزوترین کات بازاڕەکە دەکرێتەوە، کەچی تائێستا نەکراوەتەوە، پارەیەکی زۆرمان پێداوەو بێکەسابەت ماوینەتەوە”.
حەسەن زرار، سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، “ئەم دوکانانەی بازاڕی شارەوانی لە چوارقوڕنە دەمێکە لای دادوەر دۆسیەی بۆکراوتەوە و یاسا ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە و زانیاری ترمان نییە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش