“بێ پاره‌یی” پشده‌رییه‌كانى له‌ دوو پڕۆژه‌ى ستراتیژى بێبه‌ش كردووه‌

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن‌

دوو پرۆژه‌ى‌ خزمه‌تگوزاریی ستراتیژى له‌ سنوورى قه‌زاى پشده‌ر له‌كاركه‌وتوون، سەرچاوەیەکیش ئاشكرای ده‌كات،‌ له‌به‌ر بێ پاره‌یی چه‌ندان ساڵه‌ پڕۆژەکان وه‌ستاون‌‌.

پڕۆژه‌كانى دوو سایدی رانیه‌ – قه‌ڵادزێ و دروستكردنى به‌نداوى ده‌ڵگه‌، دوو پڕۆژه‌ى ستراتیژىی گرنگن له‌ سنوورى قه‌زاى پشده‌ر، تۆڕی 964 به‌دواداچوومی بۆ هۆكاره‌كانى وه‌ستانى ئه‌و پڕۆژانه‌ی كرد و قایمقامى ئه‌و سنووره‌ زانیارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

به‌كر باییز قایمقامی قه‌زاى پشده‌ر، به‌ تۆڕى 964ی راگه‌یاند،‌ هۆكارى وه‌ستانى پرۆژه‌كان بێ پاره‌ییه‌.

به ‌قسه‌ى قایمقامى پشده‌ر، پڕۆژه‌ى دووساید‌ى رانیه‌ – قه‌ڵادزێ له‌ ساڵى 2014 ده‌ستیپێكردووه‌، به‌شێكی ئه‌و دووسایده‌ كارى له‌سه‌ركراوه‌، به‌ڵام له ‌سنوورى ده‌ربه‌ندى رانیه‌ بۆ ژاراوه‌ ماوه‌، كه‌ كه‌متر له‌ 15 كلیۆمه‌تره.

وتیشی، “له‌ پلانی وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا‌یه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو بكات، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادارین له‌ رووى نه‌خشه‌سازی و ریكاره‌كانى دیكه‌یه‌وه‌‌ هه‌مووى جێبه‌جێكراون‌، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ى ده‌ست به ‌كاره‌كانى ده‌كرێته‌وه”.

له‌ باره‌ى به‌نداوى ده‌ڵگه‌، كه‌ له ‌سنووره‌كه‌یانه‌، به‌كر باییز ده‌ڵێت، “به‌نداوه‌كه‌‌ له‌ 2013 ده‌رخسته‌ و‌ دیزانینى بۆ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان به‌هۆى بێ پاره‌ییه‌وه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانى نه‌كراوه”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، بڕیاره‌ به ‌پێی به‌رنامه‌ى PPP له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام وتى، “به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌شیان تا ئێستا ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ری نه‌بووه”.

قایمقامى پشده‌ر ره‌تی كرده‌وه‌‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ست به ‌كاره‌كانى ئه‌و به‌نداوه‌ كرابێ، یان به‌هۆى به‌ردانه‌وه‌ى ئاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كاركردن تێیدا وه‌ستابێت، “‌نه‌خێر وانییه‌، چونكه‌ هه‌ر خۆى هیچ كارێك له‌و به‌نداوه‌ نه‌كراوه، تا به‌ هۆكارێكه‌وه‌ كاری تێدا وه‌ستابێت”.