"کێشەكه‌ بەئاسانی چارەسەر نابێت"

حەوت جوتیاری کوردی تەپەسەوزەی خورماتوو خۆیان رادەستی پۆلیس کرد

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هەفتەی پێشوو، لە گوندی تەپەسەوز خورماتوو، گرژی کەوتە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە دواتر پۆلیس داوای سەرجەم ئەو جوتیارە کوردانەی کرد کە ژمارەیان 27 جوتیارە بەبیانوی ئەوەی روبەڕووی پۆلیس و عەرەبی هاوردە بونەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ حەوت لەو جوتیارانە خۆیان رادەستی پۆلیسی خورماتوو کرد.

شەماڵ کاکەخان، جوتیارێکی گوندی تەپەسەوز بە 964ـی وت، ئەمڕۆ حەوت جوتیاری گوندەکەیان خۆیان رادەستی پۆلیس کرد و چاوەڕێن بزانن چارەنوسیان بەچی دەگات، به‌ڵام ده‌ڵێت “گەر بزانین تۆمەتمان نەخراوەتە پاڵ و ئازاد بکرێن، ئەوا ئێمەش ئامادەین بچین”.

لە ئێستادا ئەو جوتیارانەی خۆیان رادەست نەکردووە، چاودێری زەویە کشتوکاڵیەکانیانن، چونکە به‌قسه‌ى شه‌ماڵ پلان هەیە عەرەبی هاوردە ئەمە بە هەل بزانن و بێنە سەر زەویەکانمان و داگیری بکەن، هەر ئەمەش وایلێکردین کە هەموومان به‌یه‌كه‌وه‌ خۆمان رادەست نەکه‌ین و لە گوندەکە بمێنینه‌وه‌”.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەر دادگا لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار نەدات ئەوا تاکە چارەسەر گردبونەوە و خۆپێشاندانە و ئەنجامی دەدەین.

لایخۆشییه‌وه‌، حەسەن گەرمیانی، ئەندامی پێشووى ئەنجومەنی پارێزگاى سەڵاحەدین و نوێنەری جوتیارانی سنورەکە بە 964ـی وت، ئەوان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی دوای 24 کاتژمێر ئەو حەوت جوتیارە بە کەفالەت ئازاد بکرێن و دواتر جوتیارانی دیکەش خۆیان رادەست بکەن و پاشان سەرجەمیان ئازاد بکرێن.

وتیشی “هەرچەندە پارێزگاری سەڵاحەدین لەسەر هێڵه‌ بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەی جوتیارانی ناوچەکە، بەڵام پێناچێت بەئاسانی چارەسەر بكرێت”.

به‌قسه‌ى ئه‌م نوێنه‌ره‌ى جوتیاران، عەرەبی هاوردە حەوت گرێبەستیان نوێ کردوەتەوە لەدژی کورد و ئه‌وانیش لەگەڵ نوێنەرانی کوردی خورماتوو دەبێت بە توندی روبەڕوویان ببنەوە بۆ ئەوەی شکست بەو پلان و تەعریبکردنە بهێنێن کە روبەرووی جوتیارانی سنورەکە ده‌كرێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن