یەکێک لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە کاتی گەشتکردن _ وێنە: هێڵی ئاسمانی عێراقی
"رۆژانە 28 گەشت "
لە کاتی ئاسایبوونەوەی دۆخەکەوە 300 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا فڕیون
964+
ژووری هەواڵ
لەدوای هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانەوە، زیاتر لە 300 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا گەشتیان ئەنجامداوە.
گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە 13 گەشت و ئەمڕۆ 15 گەشت ئەنجامدراون، بڕیارە رۆژانە 28 گەشت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات، کە بەسەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی کەنداو وردە وردە گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق وەک رێڕەوی خۆیان، لە رۆژی یەکەمی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە 114 گەش و لە دووەم رۆژیشدا ژمارەکە دوو هێندە زیادیکردووە.
راشیگەیاندووە، کۆمپانیای گشتی بۆ خزمەتگوزارییەکانی هێڵی ئاسمانی پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی تر دەکات بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی عێراق وەک رێڕەوێکی سەرەکی، بە لەبەرچاوگرتنی سەقامگیری ئاسمانی عێراق.