خنکانى منداڵێکى بەنەتەوە عەرەب
گەنجانی بۆگد و گۆپتەپە واز لە گەڕان ناهێنن و چیرۆکێکی مرۆڤدۆستی دەنووسنەوە
964+
عەزیز عەبدوڵا- گۆپتەپە
هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەو ئاوەی کە دەبوو ببێتە سەرچاوەی فێنکی و شادی، بووە گۆڕستانی هیواکانی باوکێک و دوو جگەرگۆشەکەی و لە ئاوى بۆگد خنکان.
ئەوکات هەرکە هەواڵی خنکانەکە گەیشت، گەنجانی گوندی بۆگد وەک هەڵۆ خۆیان بەسەر ئاوەکەدا کێشا، دوای چەند رۆژێک لە گەڕان تەرمی باوکەکە و کوڕە گەورەکەیان دۆزییەوە و بە رێزەوە رادەستی کەسوکاریان کرانەوە. بەڵام جەستەی بچکۆلەی منداڵە بچووکەکە، هێشتا لە باوەشی ساردی ئاوەکەدا ون بوو
دواتر کەسوکاری قوربانییەکان بە دوو تەرمەوە بەرەو شارەکەی خۆیان لە ناوەڕاستى عێراق گەڕانەوە و پرسەیان بۆ دانا. لەگەڵ گەڕانەوەیاندا، پارچەیەک لە جەستەی خۆیان لە بۆگد جێهێشت، بەڵام چیرۆکی مرۆڤایەتی کۆتایی نەهاتووە. هەرچەندە خێزانەکە لەوێ نین، بەڵام گەنجانی گوندەکە وەک ئەوەی بەدوای منداڵێکی خۆیاندا بگەڕێن، بەردەوامن.
یەکێک لە گەنجە خۆبەخشەکان بە 964ـی وت: “راستە خێزانەکەی لێرە نەماون، بەڵام ئێمە بووینەتە کەسوکاری. بەردەوام دەبین لە گەڕان. بۆ ئێمە نەتەوە و رەگەز و رەنگ گرنگ نییە، مرۆڤایەتی لە سەرووی هەموویانەوەیە. ئەو منداڵە بووەتە رۆڵەی ئێمە و تا نەیدۆزینەوە بەردەوام دەبین لە گەڕان”.
ئێستا گەنجانی بۆگد و گۆپتەپە، نەک هەر بەدوای تەرمێکی ونبوودا دەگەڕێن، بەڵکو وانەیەکی گەورەی مرۆڤدۆستی و هاوسۆزی دەنووسنەوە.