فۆردۆش لەكارنەكەوتووە
پێكهاتە سەرەكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لەناو نەبراون
964+
محەمەد فاتیح
لێدانە سەربازیەكانی ئەمریكا و ئيسرائيل پێكهاتە سەرەكییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیان لەناو نەبردووە و بنكەی ئەتۆمی فۆردۆش لە دوای بە ئامانجگرتنی تائێستا لەكارنەكەوتووە.
بەرەبەیانی 13.6.2025 خەڵكی تاران بە دەنگی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەكانی ئێران و سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە خەبەریان بووەوە و بووە هۆی كوژرانی چەندین سەركردەی باڵای ئێران و زانایانی وزەی ئەتۆم و بنیامین نەتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی، ئیسرائیل پڕۆسەیەكی سەربازی دژ بە هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكردووە و دامەزراوەی نەتەنزمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم كردووەتە ئامانج و لە دڵی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانمان داوە.
سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نایاب بوو، ئاشكراشی كرد، هێرشی دیكەش بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە و ئەوە بوو لە ئەنجامی هێرشەكانی ئیسرائیل بە دەیان سەركردەی سەربازی و زانای ئەتۆمی ئێران كوژران و چەندین بنكەی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێرانیان كردە ئامانج لە وانە نەتەنز و فۆردۆ.
دۆناڵد ترەمپ لە دوا لێدوانیدا دوای ئەوەی دەستوەردانی سەربازیان كردو سوپای ئەمریكا بنكەی ئەتۆمی فۆردۆی بە فڕۆكەی سەربازی بۆردومان كرد وتی، بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێرانمان پەكخستووە و ئێستا كاتی ئاشتییە و ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران لەكارنەكەوتوون
پێگەی CNNـی ئەمریكی دەڵێت بەپێی هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگری ئەمریكا لێدانە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران پێكهاتە سەرەكییەكانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لەناو نەبردووە، تەنها بۆ چەند مانگێك دوای خستووە.
گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیست (The Economist:) زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و دەڵێت، “بەشێك لە بنكەی ئەتۆمی فۆردۆ لەدوای بە ئامانجگرتنیەوە تاكو ئێستاش لەكارنەكەوتووە، سەرەڕای ئەوەی بە بۆمبی وێرانكەر هێرشكراوەتە سەری، بەهۆی ئەوەی لە قوڵاییەكی زۆر گەورە لەناو شاخێكی بەردینی دروستكراوە، ئەمەش وایكردووە بە گەورەترین بۆمبەكانی ئەمریكاش وێران نەكرێت بە تەواوەتی”.