جێبەجێکارێکی لەسێدارەدان لە تارانی پایتەختی ئێران لە ماوەکانی رابردوو
700 كەس بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر كراون
ئەمڕۆ سێ كەس لە ئێران لەسێدارە دران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، تاران لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل 700 كەسی بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیل دەستگیر کردووە، هەروەها سێ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ئەمڕۆ لە سێدارە دران.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاویكردەوە، “ئێران 700 بەکرێگیراوی ئیسرائیلی”ی دەستبەسەر کردووە.
ئاژانسەکە دەڵێت، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تۆڕی سیخوڕیی ئیسرائیل لەو وڵاتە زۆر چالاک بووە و دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكانی ئێرانیش لە ماوەی 12 رۆژدا زیاتر لە 700 کەسیان دەستبەسەر کردووە.
سەرچاوەكە ئاشكرای كردووە، زۆربەی دەستبەسەرەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیسفەهان، خوزستان، فارس و لوڕستان بووە، لە کاتێکدا تا ئێستا ئاماری ورد بۆ ژمارەی دەستبەسەرەکان لە پارێزگای تاران رانەگەیەندراوە.
لە نێو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراوە بریتین لە ئاڕاستەکردن و چاودێریکردنی فڕۆکەی بچووک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، دروستکردنی بۆمبی دروستکراوی ماڵەوە، وێنەگرتنی شوێنە سەربازییە هەستیارەکان و گواستنەوەی زانیاری بۆ سوپای ئیسرائیل.
“ئەو ئامارە لەسەر بنەمای راپۆرتی فەرمی دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە و ئەو دۆسیانە ناگرێتەوە کە پەیوەندییان بە هاووڵاتیانی بیانی دەستبەسەرکراوەوە هەیە”، ئاژانسەكە وای نووسیوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای قەزایی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سێ کەس دوای ئەوەی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد و قاچاخچێتی کەلوپەلی بەکارهێنراو لە كاری تیرۆریدا لە سێدارە دراون.
دەزگا قەزاییەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت: “ئیدریس عەلی، ئازاد شوجاعی و رەسووڵ ئەحمەد رەسووڵ، کە هەوڵی هاوردەکردنی کەرەستەی پێویست بۆ چالاكی تیرۆرکردنیان لە ئێران دابوو، دەستبەسەر کران، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ قەوارەی زایۆنی دادگایی کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆش (چوارشەممە) حوکمەکانیان جێبەجێ کرا و هەڵواسران”.