نوسینگەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی جان لە دیاربکرە

بومەلەرزە ئەرشیفی 30 ساڵی جان تیڤی لەناوبرد

964+

توانا نەقی

رادیۆ و تەلەفیزیۆنی جان لە دیاربەکری باکووری کوردستان، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و  ئەرشیفی 30 ساڵەی کەناڵەکە بەهۆی بوومەلەرزەوە لەناوچووە و نەماوە.

رادیۆ و تەلەفزیۆنی جان، کۆنترین کەناڵە لە دیاربەکر کە بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی بەرنامەکانی پێشکەش دەکرد.

محەمەد داڵگیچ، بەڕێوەبەری جان تیڤی بە تۆڕی964ی وت، بۆ ئەوان زۆر جێگەی نیگەرانییە کە لەساڵی 1992ـەوە ئەرشیف کۆدەکەنەوە ئێستا لەناو بچێت.

وتیشی “هەرچەندە باڵەخانەکە بەتەواوی نەڕووخاوە، بەڵام لەبەر مەترسی رووخانی بەتەواوەتی ناهێڵن بچینە ناویەوە، رەنگە سبەینێ حکومەت باڵەخانەکە بەتەواوی بڕوخێنێت و بەوەش هیوامان نامێنێت بۆ ئەرشیفەکانمان.

بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6.2.2023 پارێزگای دیاربەکر هاوشیوەی زۆرێک لەپارێزگاکانی تری باکووری کوردستان چەندان باڵەخانە رووخاون و چەندان کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.