ساغكردنەوە؛ بوومەلەرزە قەڵای دیاربەكری نەڕووخاندووە
+964
هێرۆ مەولودی – دیاربەكر
بە سۆراغی تۆڕی 964، بوومەلەرزە قەڵای دێرینی دیاربەکری نەڕووخاندووە لە باکوری کوردستان، وەکو ئەوەی هەندێک پەیج و میدیا و بڵاویان کردووەتەوە.
پەیامنێری 964 لە دیاربەکرە بۆ رووماڵێکی تایبەت، ئەو پشتڕاستیکردەوە کە قەڵاکە نەڕووخاوە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.
بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە کە بەشێكی قەڵاكە بەهۆی رووداوەكانی پێشترەوە، وەکو بارانی بەخوڕ، توشی گرفت و داخوران بووە، بەڵام بەهۆی بومەلەرزەكەی ئەم دواییە هیچ زیانی پێنەگەیشتووە و وەك خۆی ماوەتەوە.
تۆڕی 964 دەزانێت، تیمەكانی پشكنینی شوێنەوار لە توركیا سەرقاڵی گەڕانن بەناو بەشەكانی قەڵاكەدا و زیانەكان تۆمار دەكەن.
رۆژی دووشەممە، 6.2.2023، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.8 و 7.4 لە تورکیا و سوریای دا، کە باکور و رۆژئاوای کوردستانیشی گرتەوە، بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 40 هەزار کەس، هاوکات زیانێکی زۆری ماڵیی لێکەوتەوە.