"زووتر ئامادەكاری بۆ كرا بوو"

هێرشەكەی ئێران بۆ قەتەڕ بێ زیان بوو

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بەرگریی قەتەڕ رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەیان بەرپەرچی هێرشە مووشەكییەكانی ئێرانی دایەوە، كە كرایە سەر بنكەی عەدیدی ئاسمانی.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، “بە یارمەتی خوا و بەئاگایی هێزەكانمان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، لە هێرشەكاندا هیچ زیانێك و گیانلەدەستدان و برینداربوون نەبوو”.

هەروەها دەڵێن، ئاسمان و زەویی قەتەڕ ئارامە و هێزەكانیشیان لە ئامادەباشیدان.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیاندراوی ئەنجامدانی هێرشەكە رایگەیاند، هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە قەتەڕ و ئامانجیان گەل و حكومەتی قەتەڕی “برا” نییە و ئەوان دۆستیانن.

هەر لەمبارەیەوە بەرپرسێكی ئەمریكی بە كەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، هیچ كەسێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە قەتەڕ بەر هێرشی مووشەكەكان نەكەوتوون.

هاوكات دوای هێرشەكە، بەرپرسێكی قەتەڕی بە رۆیتەرزی راگەیاند، بنكە بە ئامانجگیراوەكان زووتر چۆڵكرابوون و ئامادەكاری بۆ هێرشەكە كرابوو.

ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانە

هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئێران بۆ سەر قەتەڕ و كوێت و بەحرێن، تۆڕی سی ئێن بی سی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانە لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا.

ئەم ئێوارەیە هێزەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكان، ژمارەیەك مووشەكیان ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد لە وڵاتانی قەتەڕ، كوێت، بەحرێن.

رۆیتەرز: دەنگی مووشەک و بۆردومان لە دەوحەی پایتەختی قە...

رۆیتەرز: دەنگی مووشەک و بۆردومان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەبیسترێت