تا ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر هەرێم نەبووە

هەرێمى كوردستان ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو دەكات

964+

محەمەد فاتیح

ماوەیەكە باسی زەرەر و زیانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەكرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئەگەر یەكێك لە كوورە ئەتۆمییەكانی ئێران بتەقێتەوە و تیشكە زیانبەخشەكانی بگاتە هەرێم، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی ژینگەی هەرێم دڵنیایی دەدات تائێستا هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێم نییە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بڵاویكردەوە به ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی (ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گواستنەوە و گەیاندن، تەندروستی) كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان به ماددە تیشکاوەرییەکان ئەنجام داوە، بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژینگەیی و ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو، لە دەرەنجامی ئەو گۆڕانکاری و شەڕ و ئاڵۆزییەی رووی لە ناوچەکە کردووە.

دڵنیاییش دەدەن، “بەپێی ئامێرەکانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، کە لەهەموو شارەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دانراون، تائێستا هیچ کاریگەری و مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە”.

“لە کۆتاییدا بڕیاردرا هەماهەنگییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕال و لایەنە پەیوەندارەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی گیانی هاوڵاتیان”.