كەسایەتیەكی بەناوبانگی عێراق بۆ 964
“شەڕی ئێران و ئیسرائیل نەخشەى هێزە سیاسییەکانى عێراق دەگۆڕێت”
964+
محەمەد فاتیح
شەڕى ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و تائێستا عێراق و کوردستان لەو شەڕەدا بەرکەوتە نین، بەڵام كەسایەتییەكی سیاسی بەناوبانگی عێراق لە 964ـی نەیشاردەوە و پێی وایە ئەم شەڕە كاردانەوەیەكی زۆر گەورەی لەسەر عێراق دەبێت.
د. ئیسحان شممەری مامۆستای دیراساتی ستراتیژیی و نێودەوڵەتی لە زانكۆی بەغدا و سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی عێراقی کە چەندین جار پۆستی راوێژكاريى لە حكومەتەكانی عێراق وەرگرتووە، بە راشكاوانە بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، “لە رووی ئەمنیەوە عێراق دەشەڵژێت، دوای ئەوەی گروپە چەكدارەكانی عێراق خۆیان هەڵدەقورتێنن لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەمەش پاڵ بە ئیسرائیلەوە دەنێت كە وەڵامدانەوەی هەبێت، رەنگە وەڵامدانەوەكەی هەندێك دامودەزگا عێراقیەكانیش بگرێتەوە، پاشان ئەمریكاش دێتە سەر هێڵ و هێرش دەكاتە سەر گروپە چەكدارەكانی عێراق چونكە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا”.
وتيشى، “لە رووی سیاسیەوە ئەم جەنگە هاوسەنگی زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان دەگۆڕێت و كاریگەریەكی زۆری دەبێت لە رووی سیاسیەوە، ئەگەر ئێران لەم جەنگەدا سەركەوتووبێت هاوپەیمانەكانی لە عێراق بە هێزتر دەبن، بەلام ئەگەر ئێران جەنگەكەی دۆڕاند و دەستی لە هاوپەیمانەكانی لە عێراق هەڵگرت، ئەمە دەبێت سەرەتایەكی كۆتایی بۆ هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق دا”.
“ئاگری جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران عێراقیش دەگرێتەوە، چونكە ئەو بەیاننامانەی لەلایەن هەندێك لە سەركردە شیعەكانەوە دەركراون كە ئامادەباشی خۆیان راگەیاندووە بۆ ئەم جەنگە، ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە عێراق دەبێتە گۆڕەپانی وەڵامدانەوەی ئسرائیل، هەروەها بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیل و ئێرانەوە نیشانەی ئەوەیە عێراق كەوتووەتە نێو ئەم جەنگەوە وەك ئەوەی ئاسمانی عێراق سەروەری نەبێت و حكومەتی عێراق زۆر شەڵەژاوە” دكتۆر ئیسحان شممەری واى وت.
بە بڕواى ئەم کەسایەتییە، ئەم شەڕە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە بە دوور نابێت، بە تایبەتی كە ئەمریكا هێز و چالاكیەكانی دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە بنكەی هەریر لە هەولێر، ئەمەش رەنگە ببێتە ئامانجی گروپە چەكدارەكانی عێراق و وا وادەكات هەرێمی كوردستان بكرێت بە ئامانج لەلایەن تەنانەت ئێرانیشەوە.