هاوڵاتیانى ئیسرائیل لە ترسى موشەک خۆیان لە پەناگەکان شاردووەتەوە
ئەم بەیانییە لە کرماشانى داوە
کە لە شیرینى خەودا بوون چى روویدا؟
964+
وریا فەتاح
بەراورد بە شەوانى تر، شەوى رابردوو تارادەیەک کەشى شەڕەکە ئارام بوو، ئەم بەیانییەش سوپاى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر دامەزراوە سەربازییەکانى ئێران لە کرماشان.
دەستپێکى یەکەم جوڵەى شەوى رابردوو، هێرشى موشەکى ئێران بوو بۆسەر ئیسرائیل کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، بەڵام سوپاى ئیسرائیل دەڵێت، سیستمی بەرگری ئاسمانی بە سەرکەوتوویی رووبەرووی موشەکەکانی ئێران بوونەوە.
لاى خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی شەوى رابردوو هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە کە دەبێ لەسەرانسەری جیهاندا ئاگایان لە خۆیان بێت.
راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی لەوە کردبوو، دەزگای هەواڵگری و سوپای ئەمریکی هەندێ ئاماژەیان پێ گەیشتووە کە رەنگە گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا هێرش بکەنە سەر بنکەکانی.
هەرچى ئاژانسی تەسنیمی ئێرانییە بڵاوى کردەوە کە لە ئەسفەهان سێ کارمەندی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیان دەستگیرکردووە کە پلانیان دانابوو بۆ هێرشکردنە سەر کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکە.
هەر درەنگانی شەو هەردوو نوێنەری ئێران و ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرەورووی یەکتر قسەیان هەبوو، نوێنەرەکەی ئێران وتی: ئەمریکا ئاسایشی خۆی کردە قوربای ئیسرائیل، نوێنەرەکەی ئیسرائیلیش وتی: ئەمریکا جیهانی لە مەترسی ئەتۆم رزگارکرد.
دۆناڵد ترەمپیش وەک پیشەى هەمیشەیى لە پڕ لەسەر پلاتفۆڕمی (ترو سۆشیال) پۆستێکی سەیری کرد، نوسیبووی: ئەگەر رژێمی ئێستای ئێران ناتوانێت جارێکی تر ئێران بکاتە وڵاتێکی گەورەو بەهێز، باشە بۆچی رژێمەکە نەگۆڕدرێت؟.
هەرچى کۆریاى باکورە، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات بۆ سەر ئێران و دەشڵێت، واشنتن بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری قۆستەوە
دواین زانیارى ئەم بەیانییەیە کە سوپاى ئیسرائیل لە کرمانشا هێرشى بۆسەر دامەزراوە سەربازییەکانى ئێران ئەنجامداوە، ئەوەش وەک ئەوەى سوپاى ئیسرائیل بڵاوى کردووەتەوە.