بۆگد
تەرمى یەکێکیان دۆزرایەوە؛ باوکێک و دوو کوڕەکەى خنکان
عەزیز عەبدوڵا – کۆیە
ئێوارەی ئەمرۆشەممە، خێزانێکی بەنەتەوە عەرەب بەمەبەستی گەشت و سەیران سەردانی زێی بچوک دەکەن لە سنوری کۆیە، بەڵام لەپڕ خۆشى دەبێت بە شین و باوکێک و دوو منداڵەکەى دەخنکێن.
هەستیار بەختیار دانیشتوی گوندی بۆگد و یەکێک لەو کەسانەى خۆبەخشانە بەدواى تەرمى ئەو کەسانەدا دەخنکێن بە 964ـى وت،”کاتژمێر 7ـى ئێوارەبوو ئاگادار کراینەوە لە حاڵەتێکی خنکان لە گوندەکەمان، دەست بەجێ لەگەڵ هاورێکانمان چوینە سەرزێی بچوک و دەرکەوت باوکێک و دوو منداڵ خنکاون کە لە نەتەوەى عەرەبن”.
وەک باسى دەکات، دواى گەڕان توانیویەتى تەرمى یەکێک لە منداڵەکان بدۆزێتەوە و رادەستى کەسوکاریان بکاتەوە.
“ئێمە وەک خەڵکانی خۆبەخشی سنوورەکە بەڵێن دەدەین تاکو دۆزینەوەی تەرمەکانیان لەگەڵیان بین و ئامادەکاری تەواومان کردوە بۆ ئەوەی بەیانی هەڵمەتێکی چڕ دەستپێبکەین”، هەستیار بەختیار واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح