ئەی ئاوەدانکردنەوەی ئیسرائیل؟

رۆژانە ئیسرائیل سەدان ملیۆن دۆلار بۆ هێرشی سەر ئێران خەرجدەکات

محەمەد فاتیح

بەهۆی رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا، ئیسرائیل تێچوویەكی دارایی زۆری لەسەر دەكەوێت كە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان تێچووی رۆژانەی جەنگەكەی لەگەڵ ئێران سەدان ملیۆن دۆلارە.

رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریكی لە زاری چەند چاودێرێك و شارەزایەكەوە بڵاویكردووەتەوە كە رەنگە ئەم بارە قورسە ئابوورییە توانای تەل ئەبیب سنووردار بكات بۆ بەرپا كردنی جەنگێكی درێژ خايەن.

شارەزایان دەڵێن، “گەورەترین بڕگەی خەرجی بریتییە لە رێگریکردن لە مووشەکەکانی ئێران، بەو پێیەی تێچووی بەکارهێنانی سیستەمی رێگریکردن بە تەنیا  لە  نێوان دەیان ملیۆنەوە تا 200 ملیۆن دۆلار دەبێت لە رۆژێکدا، جگە لە تێچووی تەقەمەنی و فڕۆکەی جەنگی، هەروەها ئەو وێرانكارییە بەرفراوانەی باڵەخانەكانی شارەكانی گرتووەتەوە وەك ئەوەی لە تەلئەبیب دەبینرێت.

هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاوەدانکردنەوەی ئیسرائیل تائێستا لانیکەم 400 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.