قسەی پەڕلەمانتارێکە

“بەرگری ئاسمانی عێراق ناتوانێ کۆترێکیش بخاتە خوارەوە”


ئەحمەد مستەفا

کاردانەوەی بەردەوامی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەتایبەت بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراوە، بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بە ئامانجگرتنی ئێران بەردەوام پەرەدەسەنن، کاتێک ئاشکراش بووە 11 ترلیۆن بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە خەرجکراوە.

محەمەد ئەلرومەیسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید” رایگەیاندووە، عێراق بەدەست پێشێلکارییە دووبارەکانی ئاسمانی وڵاتەکەیەوە دەناڵێنێت، دیارترینیان تورکیایە کە 25 هەزار سەرپێچی تێپەڕاندووە، جیاواز لە شەڕ و موشەک هەڵدان و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لە لایەن ئیسرائیل و ئێرانەوە.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پێویستی بە پێداچوونەوەی جددی هەیە بە سیستەمی بەرگری و چالاککردنی ڕێوشوێنە بەرگرییە ئاسمانییەکان، چونکە ئێستا بەرگری ئاسمانی عێراق بەجۆرێکە ناتوانێ کۆترێک لە ئاسماندا بگرێت یان بیخاتەخوارەوە.

بە قسەی ئەو پەڕلەمانتارە، 30 ترلیۆن دینار بۆ کڕینی بەرگری ئاسمانی لە ماوەی 10 ساڵدا تەرخانکراوە، لەو ژمارەیەش 11 ترلیۆن خەرجکراوە و 19 ترلیۆن گەڕێنراوەتەوە بۆ حکومەت، ئەو 11 ترلیۆن دینارەش کە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی خەرجکراوە، هەمووی گەندەڵییە، داوامان کردووە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسان بکرێت، بەڵام بێ سوود بووە.

لە 14ی حوزەیران، پەرلەمانتار سەڵاح تەمیمی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، داوای لە حکومەت کرد پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە و بەپەلە بە گرێبەستەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بکات و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بکات بۆ بەرزکردنەوەی توانای عێراق بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی. هەروەها رەخنەی لە کەمتەرخەمی حکومەت گرت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا.

بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیل و ئێرانەوە وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیی لێی دەڕوانرێ، بەتایبەتی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان (مادەی دووەم بڕگەی چوارەم) کە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان یان بەکارهێنانی خاکەکەیان بەبێ مۆڵەت قەدەغە دەکات، هەروەها پێشێلکردنی رێککەوتننامەی شیکاگۆ لە ساڵی 1944، کە بەکارهێنانی ئاسمانی نیشتمانی ڕێکدەخات و دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە پاراستنی ئاسمانی خۆیان.