كارەكانی نۆژەنكردنەوەی رێگای هەولێر - خەبات دەستیپێكرد، فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگای هەولێر
چی بۆ دەكرێت؟
رێگاى هەولێر – خەبات نۆژەن دەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، كارەكانی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی رێگای هەولێر – خەبات دەستیپێكرد،
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.6.2025 بڵاویكردەوە، بە بڕی پێنج ملیار دینار، لەسەر بودجەی پارێزگاى هەولێر، دەستکرا بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى رێگاى هەولێر – خەبات، کە رێگایەکى ستراتیژیى گرنگ و بازرگانییە و پارێزگاى هەولێر بە هەردوو پارێزگاى دهۆک و موسڵ دەبەستێتەوە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، پڕۆژەکە پێکهاتووە لە هەڵگرتنى تەواوى قیرە کۆنەکەى و دووبارە راخستنى هەردوو چینى بەردى شکاو و جارێکیتر قیرتاوکردنەوە بە شێوازێکى نوێ و گونجاندنى لەگەڵ ئەو هەموو بارهەڵگرانەى رۆژانە لەو رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن.
باسی ئەوەش كراوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى رێگاكە، سایدى هاتنەوەش لە خەبات بۆ هەولێر وەک سایدى چوون بۆ قەزای خەبات فراوان دەکرێت، کە پێشتر بەهۆى تەسکىد رێگاکە زۆرجار گرفتى بۆ هاتوچۆى هاوڵاتیان دروست دەکرد و رووداوى نەخوازراوى لێدەکەوتەوە.
رێگای هەولێر خەبات ماوەیەكی زۆرە تێكچووە و شۆفێران و هاوڵاتیان گلەیی زۆریان لە خراپی و مەترسیداریی رێگاكە هەبوو، ئێستاش بە پێی زانیارییەكانی پەیامنێری 964 لە هەولێر، كار لە یەك سایدی رێگاكە دەكرێت، كە تەواو بوو، كاركردن لە سایدەكەی دیكەی دەستپێدەكات.