دێتە ناو شەڕەوە؟

ئەمریكا سێیەم كەشتیی جەنگی و 30 فڕۆكەی جووڵە پێكردووە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

زانیاریی جووڵەی گەشتە ئاسمانییەكان ئاشكرای دەكەن، بە لای كەم 30 فڕۆكەی سەربازیی ئەمریكی لە بنكەكانیان لە ئەمریكاوە روویان لە ئەوروپا كردووە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، ئەمە جگە لەوەی ئەمڕۆ سێیەم كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكا لە ئاوەكانی چینەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەی كردووە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فلایت رادار 24، كە جوڵەی فڕۆكەكان پێشاندەدات لە ئاسمانی جیهاندا، ئەو فڕۆكانەی ئەمریكا، كە جوڵەیان پێكراوە، بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆكە جەنگییەكان بەكار دەهێنرێن، كە حەوت فڕۆكەیان لە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ئیسپانیا و سكۆتلەند و بەریتانیا نیشتوونەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز ئامێریی چاودێریی خۆی راگرتووە و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جووڵەی كردووە، كە لە ئاوەكانی نزیك چین وەستابوو، ئەمەش بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز.

ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن، کە پنتاگۆن ناردنی گرووپێکی هێرشبەری بە سەرۆکایەتی کەشتیی یو ئێس ئێس نیمیتز بۆ ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەوێ جێگیرکراون. هاوکات هێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ پاڵپشتی لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا راگەیاندووە.

لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ رایگەیاند، بە دووری نازانن بێنە ناو شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، هەروەها وتی، هەفتەیەكی یەكلاكەرەوەمان لەپێشە و رەنگە پێش كۆتایی هەفتەكەش بارودۆخەكە یەكلابێتەوە.

خامنەیى: ئیسرائیل هەڵەیەکى گەورەى ئەنجامدا

خامنەیى: ئیسرائیل هەڵەیەکى گەورەى ئەنجامدا