52 ملیۆن تۆن لە ساڵێكدا

عێراق كارگەی نوێی چیمەنتۆ دادەمەزرێنێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق پلانێکی بۆ دامەزراندنی کارگەی نوێی چیمەنتۆ بە توانای بەرهەمهێنانی 52 ملیۆن تۆنی ساڵانە راگەیاند.

وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی، زوحا جبوری، ئەمڕۆ دووشەممە 16.6.2025 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “بەرهەمهێنانی ئێستای کارگەی چیمەنتۆ لە عێراق چ سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بێت یان کەرتی تایبەت، ساڵانە گەیشتووەتە 32 ملیۆن تۆن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەت پلانێکی ئامادەکردووە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بەهۆی زیادبوونی خواست و بووژانەوەی شارەکان، کە ئێستا بەدی دەکرێت، هەروەها بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتوو”.

وتەبێژەكە دەڵێت، “پلانەکە دەرفەتی دامەزراندنی کارگەی چیمەنتۆی یەکگرتوویش لەخۆدەگرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 52 ملیۆن تۆنی ساڵانەی هەیە، بەپێی ئەو پلانەی وەزارەت دایڕشتووە”.

“وەزارەت رێنمایی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی داوە، بۆ پێدانی مۆڵەت بە دامەزراندنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی وەبەرهێنان لە پارێزگاکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەزارەتی پیشەسازی لایەنی بەرپرسیارە”، زوحا ئەلجبوری وای وتووە.