عێراق یەکەم کارگەی شیری منداڵان دادەمەزرێنێت
لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی بەریتانی
عێراق یەکەم کارگەی شیری منداڵان دادەمەزرێنێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سندوقی گەشەپێدانی عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای “Agrium Capital”ی بەریتانی واژۆ کرد بۆ دامەزراندنی یەکەم کارگەی مۆدێرن بۆ بەرهەمهێنانی شیری منداڵان لە عێراق، وا بڵاوكراوەتەوە کۆمپانیاکە بە بەرهەمی کارگەکەی 85٪ی پێداویستی بازاڕی ناوخۆیی عێراق پڕدەکاتەوە و سەرمایەکەی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەبێت.
محەمەد نەجار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی گەشەپێدانی عێراق لە كاتی واژۆكردنی رێککەوتننامەکە لە بەغدا، بە میدیای فەرمی عێڕاقی راگەیاند، “کارگەکە لەناو عێراق دادەمەزرێت و پشت بە ماددە خاوە ناوخۆییەکان دەبەستێت، لەنێویاندا شیری عێراقی، بۆ بەرهەمهێنانی شیری منداڵان کە هەڵگری براندێکی ناوازە بێت و بەهای خۆراکی بەرز بێت، تەرکیزیش لەسەر شیری منداڵانە بە تایبەتی نەک شیری وشککراو بە گشتی”.
هەروەها وتی: “پێشتر کارگەیەک هەبووە بۆ بەرهەمهێنانی شیری منداڵان بەڵام لەکارکەوتووە، ئێستا شیر بە تەواوی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.”
ئەوەشی خستەڕوو، “کۆمپانیای Agrium Capitalی بەریتانی شارەزاییەکی زۆر فراوانی هەیە لە بواری بەرهەمهێنانی شیری منداڵان و کارگەی لە چەندین وڵاتی جیهان هەیە، ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتای رێڕەوێکی درێژی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا”.