بەشداربوانی پێشەنگاکە سەرجەمیان کوردن

سێیەمین پێشانگای “تێک فێست”ی تەکنەلۆژی لە سلێمانی کرایەوە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بە بەشداریی 50 خوێندکار و پێشکەشکردنی 70 پڕۆژە، سێیەمین پێشانگای کێبرکێی تەکنەلۆژیا لە شاری سلێمانی کرایەوە، کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێشانگای تێک فێست، پێسانگایەکی بواری تەکنەلۆژییە رێکخراوی پی دی نیو رێکی دەخات و سەرجەم بەشداربووەکانی کوردی هەرچوار پارچەکانی کوردستانن.

لانە عوسمان. سەرپەرشتیاری پێشانگای “تێک فێست” بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند، پڕۆژەکانی پێشانگاکە لە بواری هاردوێر و سۆفتوێردایە، ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو هاوڵاتییەکی زۆر روویان لە پێشانگاکە کردووە، تێیاندایە پارساڵ خۆبەش بووە و ئەمساڵ داهێنانی کردووە.

وتیشی، سودی ئەم پێشانگایە ئەوەیە، کورد و کوردستان لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بە جیهان دەناسێنێت، هەروەها ئەو کەسانەی بەشدارن لە پێشانگاکەدا داهێنانیان کردووە، لە رێگەی پێشانگاکەوە دەناسێندرێن بە کۆمپانیا و خاوەن بزنسەکان بۆ گەورەکردن و پەرەپێدانی داهێنانەکانیان.

سێیەم ڕۆژی پێشانگاکە لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە سێ کەس لە بوارەکانی هاردوێر و سێ کەس لە بواری سۆفتوێر خەڵات دەکرێن.

ئەحمەد حەسەن. خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرە بە تۆڕی964ی وت، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی گۆچانێکی زیرەکیان دروستکردووە بۆ کەسانی نابینا و چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، لەوانە هەر کاتێک لە دووری (100 بۆ 120) سانتیم هەر تەنێک بێتە بەردەمی نابیناکە، لە ڕێگەی دەنگێکەوە ئاگاداری دەکاتەوە .

ئەمین سیروان. یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووەکان و توانیویەتی دیوار بگۆڕێت بۆ لەمس و بۆ کاتی بەکارهێنانی داتاشۆ ئاسانکاری بۆ کەسەکە بکات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی