نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردەوە - وێنە: گرافیکی 964
لە بن 70 دۆلارە
نرخی نەوت لە شەوەوە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە
توانا نەقی
پەرەسەندنى گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخى نەوتى بەرز کردەوە و لە دوێنێوە سێ دۆلار چووەتە سەر نرخەکەى، هەرچەندە گرژییەکان لەناو خاکى عێراقەوە پەرەسەندنەکانى دەردەکەوێت، بەڵام عێراق قازانجییەتى.
بەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەکاتى کردنەوەى بازاڕى نەوت، نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى برێنت بە 69 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هەرچى نەوتی خاوی تێكساسە، بۆ 67 دۆلار و 92 سەنت بەرز بووەتەوە.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کشانەوەی بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ترسی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دروستکردووە.
هەڕەشەکان و ئەگەرى گرژى لە ناوچەکە، وایکردووە کەمبوونەوەى خستنەڕووى نەوت بەتایبەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ناوچەیەکى سەرەکى بەرهەمهێنانى نەوتە لە جیهاندا، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان بێت.
ئەگەرى داخستن یان سستبوونەوەى ئاڵوگۆڕەکان لە گەروى هورمز کە رێڕەوێکى ستراتیژى گواستنەوەى نەوتە، هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەى نرخى نەوت، هەربۆیە پسپۆڕانى ئابورى چاوەڕێ دەکەن بازاڕەکە لە رۆژانى داهاتوودا بەناجێگرى بمێنێتەوە.
هەرچەندە یەکەم ئامانجى هەڕەشەکە باڵیۆزخانەى ئەمریکایە لە دڵى عێراق، بەڵام عێراق وەک هەناردکارێکى سەرەکى نەوت کە داهاتەکەى پشت بە فرۆشى نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەى نرخەکەى لە قازانجە و دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى داهاتەکەى کە چەند مانگێکە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت، تاڕادەیەک تووشى کورتهێنانى دارایى بووە.