شارەوانی بیر لە سزادان دەکاتەوە
گەرمک بەو بچووکیەی شەش تۆن خۆڵ و خاشاکی لێ کۆدەکرێتەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
شارەوانی گەرمک نیگەرانە لە پابەندنەبوونی هاوڵاتییان و گوندنشیان و دوکاندارانی ناوبازاڕی گەرمک بۆ ژینگەی ناوچەکەیان، بە تایبەتی لەوەی کە خۆڵ و خاشاکێکی زۆر بڵاو دەکەنەوە.
دۆخەکە وایە، ئەگەر پابەندنەبن بە پاراستنی ژینگەوە، شارەوانی گەرمک غەرامەکردنیان دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.6.2025، سەروەر شێخ عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی گەرمک بە 964ی وت، ئەوان دوکاندارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە خۆڵ و خاشاک بەو شێوە زۆرە بڵاو نەکەنەوە، ئەگەر نا لە داهاتوودا سزادانیان دەست پێدەکات.
گرفتەکە هەر ئەوان نین، بەشێکی گوندنشین و گەشتیارانیش پابەندنین بە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، ئەو وتی، لەبەر ئەو هۆکارە جدیین لەسەر بابەتی کاراکردنی سزا بۆ ئەو کەسانەی پابەندنابن بە پاراستنی ژینگەی ناحیەکەوە.
هەموو هەفتەیەک سێ جار وەک سەنتەری پێنجوێن خۆڵ و خاشاکی بازاڕەکەی گەرمک، کە زۆر بچوکە کۆی دەکرێتەوە، بەڵام بە قسەی سەرۆکی شارەوانی سەرەڕای ئەو هەڵمەتانەش، بەڵام ژینگەی بازاڕەکە هەر پیسە و فریا ناکەون.
لە رووی رووبەری جوگرافی گەرمک ناحیەیەکی سنوور فراوان نییە، ئەو وتی، دەمانەوێ هاوڵاتیان خۆیان بەشێک بن لە پاراستنی ژینگە، ئەو رۆژانەی کاری پاکردنەوە بکرێ، شەش تۆن خۆڵ و خاشاک هەڵدەگرینەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا