واژۆیەک کرایە 500 هەزار
لەمەودوا ژمێریاران ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان واژۆ بکەن
+964
فەهمی نەبی
بەپێی بڕیارێکی نوێی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان، بۆ لەمەودوا هەر ژمێریارێک بە کەمتر لە 500 هەزار دینار گرێبەست واژۆ بکات لەلایەن سەندیکاوە بۆ ماوەی سێ ساڵ تا پێنج ساڵ مافی واژۆکردنی گرێبەستی لێدەسەندرێتەوە.
هەر کۆمپانیایەک بیەوێت مۆڵەتی ساڵانە نوێ بکاتەوە، دەبێت لەسەر لیستی کۆتایی کۆمپانیا واژۆی پارێزەر و ژمێریارێکی لەسەر بێت، بڕی پێدانی پارەکە لەلایەن سندیکاوە دیاریکراوە، لە کاتێکدا پێشووتر، ژمێریارەکان پارەی کەمتریان وەردەگرت.
ئازاد سەعید، سکرتێری سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد، باسی لەوە کرد، “ژمێریار هەیە بە 150 هەزار دینار واژۆی کردووە، ئێمە لە سەندیکا بڕیارمانداوە، هەر ژمێریارێک کەمتر لە 500 هەزار دینار کەمتر واژۆ بکات، ئەو مافەی لێوەردەگیرێتەوە”.
ئازاد ئەوەشی وت، “بە ژمێریارم وتووە بۆچی 150 هەزار وەردەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت من رازیم تۆ کێشەت چییە؟”.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، سەندیکا بۆ ماوەی دوو ساڵ، خۆی پارەکەی وەردەگرت و دواتر دەیدایەوە ژمێریاران، بەڵام ئەم پرۆسەیە گۆڕا، دوو ساڵی تر پارەکەیان لە بانک دادەنا، دواتر ئەوەش هەر گۆڕدرا.
سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان، لە سەرووی 20 هەزار ئەندامی هەیە، بەڵام ئەو ژمێریارانەی مافی واژۆکردنی گرێبەستیان هەیە حەوت هەزار کەس دەبن.