هەزار دینار لەموچەی مامۆستایان دەبڕدرێت
+964
عەمار عەزیز
لەکاتی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەدا، لەهەر مامۆستایەکی سنووری پارێزگای دهۆک هەزار دینار بڕدراوە، بەڕێوەبەرێکی پەروەردەش دەڵێت، بۆ کۆمەکی کەسوکاری بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوا بووە.
بەپێی خشتەی وەزارتی دارایی، دوێنێ چوارشەممە 15.2.2023 موچەی مامۆستایان دابەشکراوە، بەڵام لەهەر مامۆستایەک هەزار دینار بڕاوە.
بێوار محەمەد، مامۆستایەکی سنووری پەروەردەی قەزای سێمێل بۆ توڕی964ی وت “موچەکەم 848 هەزار دینارە، بەڵام کەموچەم وەرگرت هەزار دیناری بڕابوو، کەسیش پێی نەوتین هۆکاری بڕانەکە چییە”.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964، بڕینی ئەو هەزار دینارە لەموچەی مامۆستایان ناچاری بووە و پرس بەخودی مامۆستایەکان نەکراوە، تەنانەت هۆکاری بڕینەکەشیان پێ نەوتراوە، ئەمەش بەشێک لەمامۆستایانی نیگەران کردووە.
ژمارەی مامۆستایان لەسنووری پارێزگای دهۆک 27 هەزار مامۆستایە.
مامۆستا بێوار محەمەد دەڵێت: ئەگەر پێشوەختە پێمانبوترایە ئەوا من پینج هەزارم دەدا، لەوانە مامۆستا هەبێت نەتوانێت هەزار دینارەکەش بدات، ئەمەش دەکەوێتە سەر دۆخی گوزەرانی مامۆستایەکە.
عومەر عەلی تەها، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆک لەسەر ئەو پرسە بۆ توڕی964 ئاشکرای دەکات کەبڕینی پارەکە بۆ کەسوکاری بومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا نییە بەڵکۆ بۆ (پول) و سندوقی هاوکارییە.
زیاتر وتی “مامۆستا و فەرمانبەرەکانمان ئازادن لەوەی پارە دەدەنە کەسوکاری قوربانیانی بومەلەرزەکە یان نا”.
بەڵام شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێری پەروەردەی شنگال ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کەبڕینی پارەکە بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری بوومەرلەزەکە بووە و دەڵێ: بەداخەوە بۆ ئەو مامۆستایانەی گلەییان کردووە لەسەر بڕینی هەزار دینارەکە.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق