بەناوبانگن بە قوربانیکردن

بێ موچەیی کاری لە بێگەڵاسییەکان نەکرد و شەش تۆن گۆشتیان کردە قوربانی

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

گوندی بێگەڵاس بەناوبانگە بە قوربانیکردن و بۆ ئەمساڵیش بێگەڵاسییەکانی گەڕەکی راپەڕین لە قەڵادزێ، بێ موچەیی کاری تێنەکردن و شەش تۆن گۆشتیان کردە قوربانی.

مەهدی عوسمان سەرپەرشتیاری پڕۆسەی قوربانیکردن بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ هەینی 6.6.2025 لەیەکەم رۆژی جەژندا وەک نەریتێکی ساڵانە قوربانی بەکۆمەڵمان ئەنجامدا، سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەبوونی موچە، بڕی شەش تۆن گۆشت لەناو خزمانی بێگەڵاس کرا بە قوربانی”.

“ئێمە هەموو ساڵێک پێش هاتنی جەژنی قوربان سەرجەم دانیشتووانی سنورەکەمان ناونوس دەکەین، ئەوانەی قوربانی دەکەن لەماڵەوە ئاژەڵەکانیان سەردەبڕن، گۆشتی نەرمە و ئێسقان بەجیا دێنن بۆ مزگەوت، هەموویان لێ وەردەگیرێت و وەزن دەکرێت، دواتر بەپێی ئەو سەرژمێریەی کراوە، بەیەکسانی دابەشی دەکەینەوە”، مەهدی عوسمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ماڵانەی دەورووبەر و دراوسێکانیان کە بێگەڵاسی نین، ناوی ئەوانیش دەنوسن و گۆشتیان بۆ دەبرێت، ئەوە جگە لەوەی 200 ژینگەپارێز و خەڵکی کەمدەرامەت بێ بەش نابن.

بیگەڵاسییەکانی گەڕەکی راپەڕینی قەڵادزێ، 700 ماڵ دەبن کە نزیکەی سێ هەزار کەسن، بۆ جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو چوار تۆن گۆشتیان کردە قوربانی، بۆ ئەمساڵ گەیشتە شەش تۆن گۆشت و بێ جیاوازی بەسەریاندا دابەش کرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

منداڵان گوێیان لە موچە نییە و جەژنانەی خۆیان دەوێ

منداڵان گوێیان لە موچە نییە و جەژنانەی خۆیان دەوێ

جوتیارانی پێنجوێن لە جەژنیشدا نەیانتوانی مەزراکانیان ...

جوتیارانی پێنجوێن لە جەژنیشدا نەیانتوانی مەزراکانیان جێبهێڵن