"لە کوشتارگەی کەلار"
ئەوانەی قوربانی دەکەن ئاژەڵەکانیان بۆ سەردەبڕن و دەیبەنەوە پێش ماڵەکانیان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بۆ رێگریكردن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان قەدەغە کراوە، سەرپەرشتیاری کوشتارگەی کەلار دەڵێت، ھەر ھاوڵاتییەک قوربانی دەکات دەڕۆین ئاژەڵەکانیان دێنین سەری دەبڕین و بۆیان دەبەینەوە ماڵەوە.
محەمەد رەئوف، سەرپەرشتیاری کوشتارگەی کەلار بە 964ى وت، “له پانزە رۆژی پێش جەژنی قوربانەوە دەستمان بە ئامادەکارییە تەندروستییەکان كردووە، پێنج رۆژ جارێک کوشتارگەکەمان تەعقیم دەکەین”.
“بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان لە دەرەوە ئاژەڵەکانیان سەرنەبڕن، ئۆتۆمبێلمان دابینکردووە و دەڕۆین ئاژەڵەکانیان دەھێنین سەری دەبڕین و بەش بەشی دەکەین بۆیان و بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بۆیان دەبەینەوە پێش ماڵەکانیان، بێگومان ئەگەر خۆیان بیانەوێت”، محەمەد رەئوف وای وت.
لەبارەی نرخی سەربڕینی ئاژەڵەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژەڵی بچوک لە نێوان 10 بۆ 15 ھەزار دینار سەردەبڕن، ئاژەڵی گەورەش لە نێوان 50 بۆ 75 ھەزار دینارە.
سەبارەت بەوەی ھەر گۆشتێک لە کوشتارگەکان دەربچێت بە تەواوی سەلامەتە بۆ خوارن، د.ئومێد محەمەد، پزیشکی ڤێرترێنەری لە کوشتارگەی کەلار بە 964ى وت، “دڵنیایی تەواو دەدەین بە ھاوڵاتیان ھەر ئاژەڵێک لێرە سەرببڕێت، پێش و پاش سەربڕینیش پشکنینی بۆ ئەنجام دەدرێت و تەواو دڵنیابن، کە گۆشتەکە سەلامەتە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئافرەتان لەماڵەوە زیاتر بەرکەوتەیان لەگەڵ گۆشت ھەیە، پێویستە لەکاتی وردکردن و شۆردنەوەی گۆشتەکە دەستکێش لەدەست بکەن، ئەو چەقۆیەشی بەکاری دەھێنن دوای ئەوە بەجوانی بشۆردرێت و تەعقیم بکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا